بڕیارنامەی کۆبوونەوەی مەجلیسی گشتییPAK سەبارەت بە پێویستیی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانیی

بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی:

1- ڕووداوە سیاسیی و لەشکرییەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی و کاریگەرییەکانیان لە لایەک؛ قەیران و بنبەستەکانی دەوڵەت-نەتەوەی فارس و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی هەرێمە جیاوازەکانی بندەستی ئەو دەوڵەتە لە لایەکی دیکەوە، ئەگەری هەڵکەوتنی دەرفەت و دەراوی بۆ بزاڤی ڕزگارییخوازیی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان درەنگ یان زوو، لێ دەخوێندرێتەوە. هەر لەو کاتەشدا، ئەگەری سات و سەودای سیاسیی نێودەوڵەتیی لە گەڵ تاران، لە گۆڕێدایە کە دەتوانێ بە هەڕەشە بۆ کورد بگەڕێتەوە؛

2- حیزب و ڕێکخراو و ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە چەپ و ڕاستییانەوە، تا ئەو جێگایە لە گەڵ ئاڵوگۆڕی سیاسیی لە ئێرانن کە بنیاتەکانی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران و سەروەریی سیاسیی فارس، زیان نەبینێت و وەک خۆی بمێنێتەوە. بۆیە هیچ لایەکیان نەک لە گەڵ مافی نەتەوەیی کورد بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسیی خۆی نین، بەڵکوو زۆربەی هەرە زۆریان کورد بە نەتەوە نابینن و تەنیا وەک یەکێ لە «ئەقوامی ئێران» و بەشێک لە نەتەوەی نەبووی ئێران، حیسابی بۆ دەکەن. هاوکات بە پێچەوانەی ئەو پەرۆشەی کە سەردەمی شێخ عوبەیدووڵڵای نەهری و سمکۆی مەزن و پێشەوا، بۆ پێکەوە ژیان لە گەڵ کەمایەتییەکان و پێوەندیی برایانەی نێوان کورد و ئازەرییەکان هەبوو، هێندێک گرووپی فاشیستی تورک لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، بوونەتە مەترسیی لە سەر کورد و ئەو پێوەندییە مێژووییانە و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوانیان؛

3- ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتوانەکەی لە ئاکامی درێژە کێشانی حوکمی داگیرکەر و هەبوونی هێز و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری فارس و پلان و پیلانە فرە ڕەهەندییەکانی تاران دژی کورد وکوردستان لە لایەک و، لێکترازان و ململانێی حیزبیی لە لایەکی دیکەوە، لە ئاستی تاک و خێزان و کۆمەڵگادا لە هەموو بوارێکی دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاسایشی دا، لە ژێر گوشاری تاقەتپڕووکێن و مەترسییدان؛

4- ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەنی حیزب و لایەنی سیاسیی و هێز و دەستەی لەشکریی بە ناسنامە و ستراتیژی جیاوازەوەیە.لە نێوان هێندێک لەو لایەنانەدا، قۆناغێک لە شەڕ و خوێنڕێژیی هەبووە.هەروەها دیاردەکانی وەک جیاوازییە دینی و مەزهەبی و زاراوەیی و هەرێمییەکان، هێندێک درزی کۆمەڵایەتیی پێکهێناوە. تاران لە سەر ئەو درزانە سیاسەتی، لێکدابڕان و «وردکردن و هاڕینی کورد» بەڕێوە دەبات. هیچ حیزبێک بە تەنیا و هیچ دوو حیزبێک پێکەوە، ناتوانن کۆنتڕۆڵی سیاسەت لەم کۆمەڵگا و گۆڕەپانە بکەن. هیچ هێزێکی ڕەسەن و مێژووکردیش بۆ «ئەوانی دیکە» ناسڕدرێتەوە. ئەزموون سەلماندوویە کە فرە حیزبی و فرە لەشکریی و کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان لە حاڵەتی نەبوونی ناوەندییەت و یەکگرتووییدا، دەتوانن بە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی هەڵگەڕێنەوە و شەڕ و دابڕان ولێکترازان و دابەشبوونی لێبکەوێتەوە. وەها دۆخێک دەستدرێژی و دەستێوەردانی دەرەکیی بەدوادا دێت؛

بۆیە بە سەرنجدان بەو ڕاستییانە، پارتی ئازادیی کوردستان، ئەم خاڵ و ڕێکارانە وەک پڕۆژە و بانگەوازێک دەخاتە بەر چاوی حیزب و لایەنەکانی کوردستان و ئاگاداریی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان:

1- بۆ کەڵکوەرگرتنی کورد لە هەر دەرفەتێک کە هەڵکەوێت و بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ هەر هەڕەشەیەک کە سەرهەڵبدات، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی هەر چی زووتر بکەونە گفتوگۆ. بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی خەباتی ڕزگارییخوازیی کورد لەم قۆناغەدا لە هەموو بەستێنەکانی جەماوەری، لەشکریی و دیپلۆماسیی سەرکردایەتیی بکات و دەزگای بەڕێوەبەریی کارگێڕی و بڕیاردانی کاتی(حکوومەت و پەرلەمانی کاتی لە تاراوگە) دابمەزرێنێت. پاشان دوای ڕاماڵینی هێزەکانی بەرفەرمانی تاران، پێویستییەکانی گەڕاندنەوەی بڕیار بۆ دانیشتوانی کوردستان دابین بکات.
بەرەی کوردستانی باشووری کوردستان، لە قۆناغی خۆیدا توانی دەورێکی گرینگ لە ڕێکخستن و سەرکەوتنی ڕاپەڕینی 1991 و بەڕێوەبردنی وڵات هەتا هەڵبژاردنی 1992 بگێڕێت. ئەمڕۆکە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا هاوپەیمانێیتی و کاری بەرەیی بووەتە نۆڕمێکی سەرکەوتوو. هەبوونی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی دەربەست بۆ پرسی کوردستان و ناسنامەی ڕەسەن و مافی ڕەوای کورد، دەتوانێ پاش ڕادرانی هێزەکانی کۆماری ئسلامی، ڕێگا لە داگیرکرانەوەی کوردستان و سیاسەتی کاڵفامانە بگرێت.

2- بۆ ئەوەی بەرەی کوردستانیی لە حاست چاوەڕوانییەکانی ئەم سەردەمەی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەماندا بێت؛ هەروەها کۆکەرەوەی هەموو لایەنە کوردی و کوردستانییەکان و وەخۆگری ستراتیژییە جیاوازەکان بێت و باوەڕی خۆی بە دێموکڕاسی و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک پیشان بدات؛ پێویستە ئەرکی سەرەکیی و هەرە گرینگی خۆی خەبات بۆ دابینکردنی هەلومەرجێک پێناسە بکات کە تاکەکانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێفراندۆمێکی ئازاد و ڕاستەوخۆ دا بە سەربەستیی، بڕیار لە چارەنووسی سیاسیی خۆیان بدەن. واتە پڕێنسیپی مافی دیاریی کردنی چارەنووس بکرێتە بنەما و هەوێن و دیسکۆڕسی بەرەی کوردستانی.

3- مافی دیارییکردنی چارەنووسی سیاسیی نەتەوەکان، مافێکی دان پێدانراوە لە یاسای نێودەوڵەتییدا. بۆیە مافێکی یاسایی ڕەوای نەتەوەی کوردە. دەیان نەتەوەی بێدەوڵەتی ئەم جیهانە لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانیی و پێکهاتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بە پشت بەستن بەم مافە بە سەروەریی و دەوڵەتی نەتەوەیی گەیشتوون. مافی دیاریی کردنی چارەنووس هەروەها گرینگترین ماف لە مافەکانی مرۆڤە. ئەم پڕێنسیپە لە بەرنامەی و پرۆگرامی سیاسیی هەموو حیزبە کوردستانییەکاندا دانراوە. هاوکات هەر لە ئێستاوە کۆمەڵگای جیهانیی بە گشتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەتی کە ئێستا بەرپرسی سەپاندنی ئەم مافەیە، لە بڕیار و پڕۆژەی سیاسیی حیزبە کوردستانییەکان ئاگادار دەبن. هەروەها ئەوانەی بە تەمای ڕۆنیشتن لە جێگای کۆماری ئسیلامیین، گوێیان لە گەڵی ئاشنا دەبێت. بەم پێیە، کوردی ڕۆژهەڵات دەتوانێ پشتیوان و دۆست و دژبەری خۆی بناسێت و سیاسەت و هەڵوێستیان لە حاست دیاریی بکات.

4- نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو، بە هەڵکردنی ئاڵای خەبات لە پێناو مافی دیاریی کردنی چارەنووسی سیاسیی و مافی سەروەریی و بەدەوڵەتبوون، هیچ شتێک لە دەست نادات، بێجگە لە کۆیلەیی و ژێردەستیی نەتەوەیی و تەوقی سەروەریی سیاسیی فارس.بەڵام دەسکەوتی پڕ بەها وبایەخ بەدەست دێنێت ونەوەکانی داهاتوو لە بەری دەحەسێنەوە. بارودۆخی جیهانییش بۆ گەڕانەوەی ئەم مافە بۆ نەتەوە بندەست و کۆڵۆنیی کراوەکان لە بارە. لە جیهانی ئەمڕۆدا دەسەڵات و سەروەریی دەوڵەتەکان لە ژێر کارییگەرییەکانی شۆڕشی ئینفۆرماتیک، پێوەندییەکان و تەکنۆلۆژیا و میدیای دیجیتاڵدا سواوە و تایبەتمەندیی ڕەهای ڤێستڤالیایی و شەڕی ساردییان نەماوە. بۆیە دەرفەتی زیاتر و لە بارتر بۆ نەتەوە بندەست و خاک داگیرکراوەکان ڕەخساوە.
نەتەوەیەک کاتێ دەتوانێ بە مافەکانی خۆی بگات کە پڕۆژە و گوتاری مافخوازییەکەی بەهێز و ڕاشکاوانە و دوور لە شەرم بێت.

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
مەجلیسی گشتیی

10ی پووشپەڕی2722ک
1ی ژووئییەی 2022ز

 

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *