بەڕێوەچوونی سێمینارێکی تایبەت بە بۆنەی سیهەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی ئازادیی کوردستان و یەکەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی سپای میللیی کوردستان

نوێنەرایەتیی ئۆروپای پارتی ئازادیی کوردستان لە درێژەی کار و چالاکیەکانی خۆی و لە هەنگاوێکی تایبەت دا ڕۆژی شەممە 29 مەی 2021ی زایینی بەرانبەر بە 8ی جۆزەردانی 2721ی کوردی، سێمینارێکی بەربڵاوی بۆ سێ کەس لە فەرماندەکانی سپای میللیی کوردستان ڕێکخست.

شایانی ئاماژەیە ئەو سێمینارە بە بۆنەی سیهەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی ئازادیی کوردستان و یەکەمین ساڵوەگەڕی بناغەدانانی سپای میللیی کوردستان ساز درابوو و چەندین کەسایەتی و ڕۆشنبیر و چالاکی مەدەنی لە هەموو بەشەکانی کوردستان تێیدا بەشدار بوون.
سێمینارەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدی سەرکردە کاک سەعید یەزدان‌پەنا و گشت شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەمان و لێدانی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد و دواتر لە لایەن بەڕێز کاک ئەفشار ئەقدەسی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی نوێنەرایەتیی ئۆروپایPAK و ڕێکخەری سەرەکی سێمینارەکە بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا و جەنابیان خشتەیەکی لە بەرنامەی کاری سێمینارەکە پێشکەشی بەشداربووان کرد.
دواتر لە ڕێوڕەسمێکی شایستە دا مۆمی 30 ساڵەی دامەزراندنی پارتی ئازادیی کوردستان و 1 ساڵەی دامەزراندنی سپای میللیی کوردستان داگیرسا و بووە جێگای سەرنجی ئامادەبووان.
پاشان نۆبە گەیشتە فەرماندە بەشداربووانی سێمینارەکە.
پێشەکی هەڤاڵ ڕووبار، فەرماندە لە تەوارەکانی ئازادیی کوردستان دەستی بە قسەکانی کرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و کاریگەریی بەرچاوی تەوارەکان لە شەڕی بەرەنگار بوونەوەی تاریک پەرستانی داعش، چەمکەکانی دامەزراندنی تاک(تەوارەکانی ئازادیی کوردستان) و قۆناغەکانی گەشە و بەرەوپێشچوونەکانی لە ڕیزەکانی سپای میللیی کوردستان دا بۆ حازران شی کردەوە.
دواتر هەڤاڵ جوامێر یەکێکی دیکە لە فەرماندە چاونەترسەکانی سپای میللیی کوردستان قۆناغەکانی دامەزراندن و گەشەکردنی سپای میللیی کوردستان و دواتر ڕۆڵی ئەو سپایەی لە بەرەنگاریی دوژمنی دەستپەروەردەی داگیرکەرانمان و بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆی داگیرکەرانی بۆ ئامادەبووان هێنایە بەرباس.
جەنابیان ئاماژەیان بە داستانی قارەمانیەتی ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵات لە شەڕی دژ بە کۆنەپەرستانی داعش کرد و حەماسەکانی قەڵای خۆڕاگری ڕۆژهەڵات وەک سیمبۆلی خۆڕاگریی کوڕان و کچانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەک نموونەیەک هێناوەیە لە سەدان داستانی پڕ حەماسەی تۆمارکراوی پڵنگەکانی سپای میللیی کوردستان.
دواتر ئاماژەیان بە نەبەردی چارەنوسسازی پردێ و ڕۆڵی گرینگی ژێنێڕاڵ حسێن یەزدان‌پەنا وەک فەرماندە‌ی ئەو شەڕە کرد و ئاستی بەرزی ورەی پێشمەرگەکانی سپای میللیی کوردستانی هێنایە بەرباس.
دواتر هەڤاڵ فەرزاد مرادی ناسراو بە ئاکار ئیلامی یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی سپای میللیی کوردستان لە سەر چەن بابەتێک دوا. جەنابیان ئاماژەیان بە ڕەهەندەکانی جۆراوجۆری سپای میللیی کوردستان کرد و جەختیان خستە سەر بەشداریی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە هەموو ناوچە جۆراجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو هەر لە ماکۆوە تا لۆڕستان و کەنارەکانی کەنداو کرد و بە جێگای شانازیەکی مەزنیان زانی کە لە ڕیزەکانی سپای میللیی کوردستان دا کۆڕان و کچانی گشت بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو شانبەشانی یەکتر خەریکی خۆ حازرکردنن بۆ ڕزگاریی یەکجارەکی نیشتمانمان لە دەست داگیرکەران.

لە درێژەی سێمینارەکە دا میوانانی بەشدار بە بۆنەی 30ساڵەی دامەزراندنی پارتی ئازادیی کوردستان و هەوەڵین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی سپای میللیی کوردستان چەندین بروسکەی پیرۆزباییان پێشکەش کرد و خۆشحاڵی خۆیان بەو بۆنانەوە دەربڕی.
لە کۆتاییش دا چەندین پرسیار لە لایەن ئەندامانی ئۆروپای PAK و بەشداربووان و میوانان ئاڕاستەی فەرماندەکانی سپای میللیی کوردستان کرا و ئەوانیش بە دڵێکی فراوانەوە وەڵامدەری پرسیارەکان بوون.

جارێکی دیکە لە لایەن خۆمانەوە لە نوێنەرایەتیی ئۆروپای PAKوە سڵاو دەنێرین و سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ بناغەدانەری ئەو ڕێبازە پیرۆزە شەهید سەعید یەزدانپەنا و بەڵێن نوێ دەکەینەوە هەموو توانامان دەخەینە گەڕ تا بتوانین یارمەتیدەرێکی باش بین بۆ بنیاتنانی بناغەکانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لەسەر خاکی نیشتیمانی داگیرکراومان.

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
نوێنەرایەتی ئورووپا
9ی جۆزەردان 2721ی کوردی
30ی مەی 2021ی زایینی
Kurdistan Freedom Party Representation in Europe
info.pak_europa@yahoo.com – info.pak.europa@gmail.com
Mobil:0031641693364
?https://t.me/PAKeurope
?www.pak-eu.com
https://www.instagram.com/pak_europ/?hl=nl
https://www.facebook.com/pakeucom/

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *