بەڕێوەچوونی سێمینارێک لەسەر “2ی ڕیبەندان و گرینگیی ئەو بابەتە لە ڕوانگەی پارتی ئازادیی کوردستانەوە”

لە بەرەبەری 2ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی گەورەترین جێژنی نەتەوەیی گەلەکەمان‌و لە چوارچێوەی کار و چالاکیەکانی نوێنەرایەتیی ئۆروپایPAK، ڕۆژی پێنجشەممە 2ی ڕێبەندانی2720ی کوردی، بەرانبەر بە 21ی ژانویه‌ی 2021ی زایینی، کاتژمێر 20:00 بە کاتی ئۆروپای ناوەندی، سێمینارێک لەسەر بابەتی”2ی ڕیبەندان و بۆچوونی پارتی ئازادیی کوردستانPAK لەسەر ئەو بۆنە نەتەوەییە” بۆ هەڤاڵی تێکۆشەر “ڕێبوار ئەحمەدزادە” بەرپرسی کۆمیتەی ڕێکخستنی نۆروێژی پاک لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە کە ئەندامانی هەموو کۆمیتەکانی ئۆروپای پاک تێیدا بەشدار بوون، سەرەتا بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدی سەرکردە کاک سەعید یەزدانپەنا و سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و لێدانی سروودی نەتەوەیی “ئەی‌ڕەقیب” دەستیپێکرد و دواتر لە لایەن بەڕێز “ئەفشار ئەقدەسی” بەرپرسی ئۆروپای پاک، کورتەیەک لەسەر بابەتەکە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
خاڵی جێگای سرنجی ئەو سێمینارە ئامادەبوونی بەڕیز کاک حوسێن یەزدانپەنا سەرۆکی پاک لە سێمینارەکەدا بو کە بە گەرمی لە لایەن ئامادەبووان پێشوازی لێکرا و بو بە جێگای خۆشحاڵی هەمووان.
هەر ئەوەش خۆی نیشاندەری گرینگیی ئەو بۆنە نەتەوەییە‌یە لە ڕوانگە و هزری سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستانەوە.
جەنابی کاک حوسێن ئاماژەیان بەوە فەرموو کە ئەوەی ئێستا لەسەر کۆماری کوردستان دەیبینین‌و باسی لێدەکرێ بەشێکی زۆری بەرهەمی ئەو فشارە سیاسی‌و گوتاری‌و میدیاییەیە کە پاک بۆ دەرخستنی حەقیقەتی کۆمار داویەتی کە ئەوەش بە هەڵسەنگاندنی ئەو ئەدەبیاتەی ئێستا لە ساڵی 2720دا لەسەر کۆمار دەنووسرێ و دەگوترێ لەگەڵ ساڵانی نەچەندان دوری ڕابردوو ڕوونتر بۆمان دەردەکەوێ.
لە خاڵیکی دیکەدا جەنابیان فەرموویان، ئێمە باسی کۆمار تەنیا وەک باسێکی مێژوویی نابینین، ئێمە کاتێک کە یادی کۆمار دەکەینەوە لەگەڵ وەی کە وەک ڕووداوێکی مێژوویی گەورەو گران چاوی لێ دەکەین و شانازی پێوە دەکەین بەڵام هاوکات ئیرادەمان بەرز دەکەینەوەو بڕیارمان بەهێز دەکەینەوە کە جارێکی دیکە ئەو کۆمارە دابمەزرێنینەوە. ئەوە گرینگترین خاڵی جیاوازیی یادکردنەوەی ئێمەو خەڵکی دیکەیە.
ڕێبەری سەربەخۆیی ڕۆژهەڵات هەر وەها فەرموویان، فەلسەفەی کۆمار لەسەر بنەمای ڕەوایی مافی نەتەوەیەک بۆ بە دەوڵەتبوون، بۆ بە یەکسانیی حقوقی و سیاسی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەو بۆ سەروەریی حاکمیەتی نەتەوەیی داندراوە.
هەروەها ئاماژەیان بە دو مەترسیی گرینگ لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا کە کاتی خۆی پێشەوای مەزنیش ڕووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببووەو فەرموویان تا ئەو کاتی حاکمیەتی ئێران لەسەر کوردستان هەبێ بە واتای هەبوونی هەڕەشەیە، هەڕەشە لەسەر ناسنامە، لەسەر زمان، لەسەر مان و دۆخی نەتەوایەتی. هاوکات ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەگەڵ هەڕەشەیەکی تازەی دی بەرەوڕووین، ئەویش هەڕەشەی تورکە فاشیستەکانە بۆ بە خەیاڵی خۆیان گۆڕینی ناسنامەی خاکی باکوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەبینین ئێستا جارێکی دی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەو دو هەڕەشەیە ڕووبەڕوویە.
جەنابیان فەرموویان، سپای میللیی کوردستان لە ئێستاو لە داهاتووش‌دا تاکە هێزە کە دەتوانێ بەرەنگاری ئەو هەڕەشانە ببێتەوەو گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات، لە داگیرکاریی فارسە شوێنیەکان‌و تەماحی تورکە فاشیسەکان بپارێزێ.
لە کۆتاییش دا جەنابیان سرنجی خستە سەر بابەتی یەکگرتوویی نەتەوایەتیی گەلەکەمان و ئاماژەیان بە هەنگاوەکانی پاک و سپای میللیی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە دا.
لەبەشی دوهەمی سێمینارەکە هەڤاڵ “ڕێبوار ئەحمەدزادە” بە شێنەیی باسی لە ڕەوتی ڕووداوەکانی 2ی ڕێبەندان و دامەزراندنی کۆمار لە لەیەن پێشەوای مەزنمانەوە کرد و بە هێنانەڕووی چەندین بەڵگەو داکیومێنتی مێژوویی ڕووی ڕاستەقینەی کۆمار و ئامانجە بەرزەکانی پێشەوای مەزنمانی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە کە هەمانا سەربەخۆیی و شکاندنی تەوقی داگیرکاریی ئێرانی داگیرکەر بو بەسەر کوردستان و نەتەوەکەمانەوە.
دواتر هەر کام لە ئەندامانیش ڕاوبۆچوونەکانی خۆیان لەسەر بابەتەکە خستە بەر باس و هەر لەو پێوەندەش دا چەند کۆپلە شێعر و نوسراوەیەکیش خوێندرایەوە.
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
نوێنەرایەتی ئورووپا
4ی رێبه‌ندانی ساڵی 2720ی کوردی
23ی ژانویه‌ی ساڵی 2021ی زایینی
Kurdistan Freedom Party Representation in Europe
info.pak_europa@yahoo.com – info.pak.europa@gmail.com
Mobil:0031641693364
?https://t.me/PAKeurope
?www.pak-eu.com
https://www.instagram.com/pak_europ/?hl=nl
https://www.facebook.com/pakeucom/

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *