بەیاننامەی سپای میللیی كوردستان بە بۆنەی شه‌شه‌مین ساڵی دامه‌زرانی هێزه‌كانی له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ

رۆڵەکانی نەتەوەی گەورەی كورد!
كوردستانییه‌ نیشتمانپه‌ر‌وه‌ره‌كان!
شه‌ش ساڵ لەمەوبەر، پاش ئەوەی تاران له‌ رێگای هێزی قودسی سپای پاسدارانیه‌وه‌، ئاراسته‌ی شه‌ڕ و هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ی داعشی، له‌ ناوه‌ڕاستی عێڕاقه‌وه‌ بەرەو باشوری کوردستان گۆڕی و له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاودا، په‌لاماری شنگالی داو تاوانی ژێنۆسایدی خوڵقاند؛ هێزێک لە رۆڵەکانی رۆژهه‌ڵاتی نیشتمان، سنوورنه‌ناسانه‌و گیان لەسەر دەست،

به‌ چه‌ك و چۆڵی خۆیانه‌وه‌، بەرەو بەرەکانی جەنگی پاراستنی نیشتمان و نەتەوەو كیانه‌ سیاسییه‌كه‌ی ملیان پێوه‌نا. ئەو هێزە، بناغه‌داڕێژانی سپای میللیی كوردستان، سەرکردە و کادر و پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی كوردستانPAK بوون.
هێزەکانی پێكهێنه‌ری سپای میللیی كوردستان له‌ ماوه‌ی سێ ساڵ شه‌ڕی به‌رده‌وام دژی داعش، لە سه‌رجه‌م هێرش و بەرگرییەکاندا، ته‌نیا سەرکەوتن و شکستدانی دوژمنیان تۆمار كرد و هه‌رگیز بۆ یه‌كجاریش له‌ هیچ به‌ره‌یه‌كی جه‌نگ و له‌ هیچ نه‌به‌ردێكدا، نه‌شكان. له‌ ته‌واو‌ی سێ ساڵه‌ی جه‌نگدا ئه‌و له‌شكره‌ لێهاتووه‌، ده‌یان پێگه‌ و مۆڵگه‌ی داعشی گرت، بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز یه‌ك بست خاك و یه‌ك سه‌نگه‌ری لێ بگیرێ. له‌ هه‌ڵمه‌ت و نه‌به‌رده‌كانی ئه‌و سێ ساڵه‌دا، رۆڵه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو ژماره‌یه‌ك دیل و، سه‌دان پارچه‌ چه‌كی جۆراوجۆر و سه‌دان به‌ڵگه‌و ئامێر و كه‌لووپه‌لی له‌شكری و پێوه‌ندییان له‌ داعش گرت، به‌ بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز یه‌ك پێشمه‌رگه‌و یه‌ك فیشه‌كیان بكه‌وێته‌ ده‌ست دوژمن.
به‌مجۆره‌ بوو كه‌ فه‌رمانده‌یی و پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و له‌شكره‌ شكست نه‌ناسه‌، ناو ونابانگ و رێزی جیهانی و كوردستانیان وه‌ده‌سهێناوه‌. دوا نه‌به‌ردی پێشمه‌رگه‌ و شكستی هێزه‌كانی داعش له‌و قۆناغه‌دا ( 9ی ئۆكتۆبری 2017)شانازییه‌كه‌ی هه‌ر بۆ رۆڵه‌كانی سپای میللیی كوردستان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. به‌ڵام رۆڵی قاره‌مانانه و شوێندانه‌ری هێزه‌كانی دامه‌زرێنه‌ری سپای میللیی كوردستان له‌ پاراستنی خاك و خه‌ڵك و كیانی سیاسیی باشووری كوردستاندا ته‌نیا به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی داعش نه‌بوو؛ به‌ڵكوو ده‌وری مێژوویی و له‌خۆبوردوانه‌ی ئه‌و له‌شكره‌ قاره‌مانه‌‌ له‌‌ شكستدانی په‌لاماری هاوبه‌شی سوپاكانی تاران و به‌غدا له‌ نه‌به‌ردی چاره‌نووسسازی “پردێ”دا، بووه‌ تاج و لووتكه‌ی سه‌ربه‌رزییه‌كانی.
شانازی و ده‌سكه‌وتی هێزەکانی سپای میللیی كوردستان بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد لە نەبەرده‌كانی چوار ساڵ دیفاع و پاراستنی باشووری کوردستان، بە خوێنی 17 شەهید و 31 بریندار تۆمار کراون کە وەک سه‌ربه‌رزی وسه‌روه‌ریی بۆ رۆژهه‌ڵات و سپای میللیی كوردستان، دەمێنێتەوە.
لە گەڵ ئەوەدا کە پانتایی گەورەی ئه‌رك و جووڵه‌كانی هێزه‌كانی سپای میللیی كوردستان لە شه‌ش ساڵی رابردوودا بەرەکانی جەنگ له‌ باشووری كوردستان بووه‌، بەڵام ئەم گۆڕەپانە ئاڵترناتیوی خەبات دژی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو نەبووە . هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا و هاوكات له‌ گه‌ڵ سه‌روه‌رییه‌كانی هێزه‌كانمان له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ، هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان كه‌ ئێستا یه‌كه‌یه‌كن له‌ سپای میللیی كوردستان، لە قووڵایی خاكی نیشتمانی داگیركراودا، زنجیرەیەک زەبریان لە هێزە داگیرکەرەکانی ئێران سرەواند. بێجگه‌ له‌وانه‌ش ئەم سپایه‌ی کە لە هەناوی جەنگ دژی داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سپاكانی تاران و به‌غدا پێگەیشتووە و خەوی كاربه‌ده‌ستانی دەوڵەتی فارسی ئاڵۆز کردوە؛ سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كورد و رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە هەلوومەرجی خۆیدا، ئەرکی سەرەکیی راماڵینی هێزەکانی بەرفەرمانی تاران دەبێت.
له‌ شه‌شه‌مین ساڵهاتی ئه‌و هه‌نگاو و جووڵه‌ مێژووییه‌دا،سپای میللیی كوردستان، به‌ گوڕ و تین و توانای زیاتره‌وه‌ درێژه‌ به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تێرۆریزمی رێكخراوه‌یی داعش و حه‌شدو، تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تیی ئێران و هه‌ر پیلانگێڕیی و گه‌له‌كۆمه‌یه‌كی داگیركه‌رانی كوردستان دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌دا.
سڵاو له‌ ده‌ست و چه‌كی هێزه‌ له‌شكاننه‌هاتووه‌كانی سپای میللیی كوردستان

سپای میللیی كوردستان

15 گەلاوێژی 2720ك
5ئاگۆستی 2020 ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *