بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK سەبارەت بە پەلامار و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی ترکیا

بە ماوەیەکی کورت پاش پەلاماری ڕۆکێتی و هەڕەشەکانی تاران دژی هەولێر، دەوڵەتی ترکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە هێڕشێکی بەربڵاوی لە زەوی و ئاسمانەوە بۆ سەر بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری نیشتمان دەست پێکردوە. هەروەها لەو کردەوەیەدا ڕۆژاوای کوردستانیشی نەبواردووە.
لە ئاکامی پەلامارەکانی سپای داگیرکەری ترک دا، ڕۆژانە مرۆڤی کورد دەکوژرێت؛ ژینگە و دار و دەوەنی دەسووتێن و گوندنشینانی ئەو سنوورانە بەر ڕهێڵەی تۆپ و ڕۆکێیت و بۆمب دەکەون.

پاساوی ترکیا بۆ ئەو پەلامار و دەستدرێژییانە، وەک هەمیشە هەبوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانPKK لەو سنوورانەیەو بەو بیانووەوە پەیجووری داگیرکردنی زیاتری ناوچە سنوورییەکان، گوشار و پاڵەپەستۆ خستنە سەر حکوومەتی کوردستان و دەستەبەر کردنی ئامانج و بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییە هەرێمییەکان و هاوکات سەرکوت و بێدەنگ کردنی بەرهەڵستکارانی ناوخۆییەتی.
لە پاش داگیرکرانەوەی کەرکووک و مەخموور و شنگال و هێندێ لە ناوچەکانی دیکە لە ساڵی 2017دا و گۆڕانی پارسەنگی هێز بە زیانی کورد، دەوڵەتی ترکیا هەلی داگیرکردنی هێندێک لە شار و گوندەکانی ڕۆژاوای کوردستان و پەلاماردانی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستانی بۆ هەڵکەوت. ئەوەی دەرفەتی پەلامار و داگیرکارییەکانی ئەم قۆناغەی بۆ ڕەخساندووە لە پاڵ بەردەوامیی ئەو فاکتەرەدا، تەشەنە کردنەوەی ناکۆکیی و ناتەباییە سیاسییەکانی نێوان حیزب و لایەنەکانی باشووری کوردستان و چەقینی پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقە. هەروەها شەڕی ڕووسیا-ئۆکراین و سەرقاڵیی جیهان بەو شەڕەوە، هەلومەرجی لەباری بۆ دەوڵەتی ترکیا پێکهێناوە.
لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا، چاوەڕوانی و هیوا بە دەستێوەردانی دەرەکیی و بەهاناوە هاتنی خێرای دەوڵەتان، چاوەڕوانییەکی بێئاکام و بێوەختە. بۆیە تەنیا کورد خۆی و هێزە سیاسییەکانی و بڕیار و هەنگاوی ژیرانە و گونجاو، دەتوانێ دەوڵەتی ترکیا هەوسار بکات و مەکینەی شەڕ و پەلاماری ڕابگرێت.
لەم هەلومەرجە نالەبارەدا، لە ڕوانگەی پارتی ئازادیی کوردستانەوە، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە دەتوانن هێندێک ڕێکاری گونجاو و ژیرانە بن بۆ وەدیهێنانی ئەو ستراتیژییە:
1- کۆتاییپێهێنانی هەرچی زووتر بە ناکۆکیی و ناتەباییە تەشەنە سەندووەکانی ئەم دواییانەی نێوان هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و داڕشتنەوەی گوتاری سیاسیی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان لە حاست بەغدا و لە حاند ترکیا و ئێران.
2- ڕێکخستنی بزاڤێکی جەماوەریی دژ بە سیاسەتی شەڕ و پەلاماری دەوڵەتی ترکیا، لە باکووری کوردستان و شارەکانی ترکیا لە لایان هێزە سیاسییەکانی باکووری کوردستان و لایەنە بەرهەڵستکارەکانی حکوومەتی ترکیا.
3-حەولدان بۆ پێکهێنانی کەشوهەوایەک کە تێیدا، پاش ئاگربڕ لە نێوان PKK و دەوڵەتی ترکیا، گفتوگۆی سیاسیی لە سەر مافە ڕەواکانی کورد، لە نێوان کورد و ترکیادا، بێتە ئاراوە.
4-حەولدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ئەوەی بە ڕۆحێکی نەتەوەییەوە، گفتوگۆی کورد-کورد دەست پێ بکات و لایەنە سیاسییەکانی کورد بە دوور لە دەمارگرژیی و پاوانخوازیی ڕێکخراوەیی، کێشە و ناکۆکییەکانیان پێکەوە ئاشتیانە چارەسەر بکەن و ماف و ئەرکەکانیان لە حاست یەکتر دیاریی و پێناسە بکەن.
5- لە پێناو تێگەیشتنی دروست و هەڵوێست و ڕەفتاری سیاسیی ژیرانە لە هەمبەر یەک؛ ڕەچاو کردنی ئەو ڕاستییە لە لایان هێزە سیاسییەکانی کوردستانەوە کە لە گەڵ ئەوەدا کە پرسی کورد و کوردستان لە ناوەرۆکدا یەک پرسە؛ بەڵام بارودۆخ و قۆناغی سیاسیی هەر کام لە پارچە دابەشکراوەکانی کوردستان، جیاواز و تایبەتمەندن. بۆیە لە ئاکامدا شێوازی خەبات و تێکۆشان، سیاسەت و دیپلۆماسیی،هاوپەیمانی و پێوەندییەکانیان وەک یەک نیین. لە دۆخێکی وەهادا پاڵپشتیی لە کیانی سیاسیی باشووری کوردستان کە لە قۆناغێکی لە پێشتردایە و دەتوانێ پێگەو لەنگەر بێت بۆ گشت پارچەکانی نیشتمان و بزاڤە سیاسییەکانیان، سیاسەتێکی دروست و ئەرکێکی نەتەوەییە.
پارتی ئازادیی کوردستان لە سەر ئەو باوەڕەیە کە بەردەوامیی دۆخی ئارایی، نەک هەر سنوورێک بۆ پەلامارەکانی دەوڵەتی ترکیا دانانێت، بەڵکوو دەتوانێ هەڕەشە و پەلامار و داگیرکاریی زیاتری باشوور و ڕۆژاوای کوردستانی لێبکەوێتەوە.
پارتی ئازادیی کوردستان پەلامار و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی ترکیا دژی کورد و کوردستان و ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانی و سووتان و تێکدانی ژینگەکەی بە توندی مەحکووم دەکات و پاڵپشت و هاوکاری هەر ڕێگاچارەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییە کوردستانییەکانە بۆ کۆتاییهێنان بە پەلامار و دەست درێژییەکانی دەوڵەتی ترکیا.

پارتی ئازادیی کوردستانPAK

1ی گوڵانی2722ک
21ی ئاوریلی2022ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *