جه‌ژنه‌پیرۆزه‌ی رێبه‌ری سه‌ربه‌خۆیی رۆژهه‌ڵات بۆ رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست:

 

“ده‌با جه‌ژنی ره‌مه‌زان هانده‌رمان بێ بۆ ته‌بایی و یه‌كێتی له‌ پێناو هه‌ڵگرتنی سه‌روه‌ریی فارس و ترك و عه‌ره‌ب له‌ سه‌ر كوردستان و گه‌یشتنمان به‌ ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی”

به‌ ناوی خوای گه‌وره‌

به‌ بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زان، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم پێشكه‌شی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و هه‌مووكوردستانیانی ئازیز له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌نده‌ران ده‌كه‌م.

رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ به‌ر ده‌سه‌ڵات و حوكم و ره‌فتاری دوژمنكارانه‌ی داگیركه‌رانی بێدین و خوا نه‌ناسدا، ته‌نانه‌ت له‌ جه‌ژنه‌كان و مانگه‌ پیرۆزه‌كانیشدا،ناحه‌سێنه‌وه‌ و به‌دوور له‌ مه‌رگ و سته‌م وكاره‌سات نیین. قه‌باحه‌تی حوكم و سیاسه‌ت و ره‌فتاری داگیركه‌رانی كوردستان له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و تاوان و جینایه‌تانه به‌ ناوی خوا و دین و شه‌رعی خوا، دژ به‌ نه‌ته‌وه‌ و خاك و ژینگه‌‌مان، ده‌خوڵقێنن .
ئاواته‌خوازم، جه‌ژنی ره‌مه‌زان، ده‌رفه‌ت و هانده‌ری رۆڵه‌كانی كوردستان بێ بۆ هاودڵیی و گه‌ردن ئازایی كۆمه‌ڵایه‌تیی و یه‌كێتی و ته‌بایی له‌ پێناو پاراستنی ناسنامه‌ و و گوڕوتین دان به‌ خه‌بات له‌ پێناو هه‌ڵگرتنی سه‌روه‌ریی و حوكمی ده‌وڵه‌ته‌كانی فارس و ترك و عه‌ره‌ب له‌ سه‌ر كوردستان و گه‌یشتن به‌ سه‌روه‌ریی وده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.
به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنه‌وه‌، سڵاوی ئه‌مه‌گ و وه‌فا پێشكه‌شی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی رێگای ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ پێشكه‌شی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان و بنه‌ماڵه‌كانیان ده‌كه‌م. هاوكات شه‌ریكی خه‌می هه‌ر تاك و خێزانێكی كورده‌وارییم كه‌ تازییه‌باری مه‌رگ یان شه‌هیدبوونی ئازیزێكیانن.

حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا

22ی گوڵانی 2721ك
12ی مای 2021ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *