راگه‌یه‌ندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK سەبارەت بە شانۆگه‌ریی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی و ئەنجومەنەکانی شارودێ

رۆڵه‌كانی نەتەوەی مه‌زنی کورد!

کوردستانییە وڵاتپارێزەکان!

   تاران جارێكی دیكه‌ش پۆلێک لە كاربه‌ده‌سته‌ تاوانبارو دز وجه‌رده‌كانی خۆی خستووه‌ته‌ سه‌ر سه‌كۆی شانۆگه‌ریی ململانێ بۆ گه‌یشتن به‌ كورسیی سه‌ركۆماریی ئێران.

خامنه‌یی و داروده‌سته‌كه‌ی له به‌یتی ره‌هبه‌ریی ‌ بۆ گه‌رم كردنی شانۆگه‌رییه‌كه‌یان سه‌كۆكه‌یان به‌جۆرێك رێكخستووه‌ كه، ده‌نگده‌ران دیمەنیه‌لێك لە جیاوازیی و فره‌ڕه‌نگیی له‌  بەرنامە و روانگه‌و پلانی به‌رێوه‌به‌ریی وڵات و، ململانێیان له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌، ببینن. له‌ كۆتاییشدا هه‌ر خۆیان كێیان !پێباش بێت، وه‌ك فریادڕه‌سێك له‌ سنووقه‌كانی ریاو ته‌زویری، ده‌ردێنن

به‌ڵام ئه‌وه‌ درۆ‌یه‌كی ‌‌ 40 ساڵه‌یه‌‌ و سێزده‌جاره‌ بۆ به‌ ناو هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار، ده‌هۆندرێته‌وه‌و  ئه‌زموون كراوه‌. هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌م راستییه‌یه‌ كه‌ هیچ شانۆگه‌رییه‌كی وه‌ها و هیچكام له‌و كه‌سانه‌ی پاش ته‌واو بوونی شانۆكه‌، پاڵیان به‌ كورسی سه‌ركۆمارییه‌وه‌ داوه‌، هیچ گۆڕانێكیان به‌ قازانجی ژیان و چاره‌نووسی خه‌ڵك و ده‌نگده‌ران، پێكنه‌هێناوه‌.به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌، هێشتنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی كه‌مایه‌تیی فارس ‌و پاراستنی سیسته‌می تووتالیتێری و رێژیمی تێرۆر و تاڵان و تاوان بووه‌.‌  

    ئەم شانۆگەرییانە دەرفەت و گۆڕەپانی به‌رز و نزم كردنه‌وه و جێ گۆڕکێ پێکردنی مۆرە جه‌نایەتکارەکانی دەوڵەتی فارسن.  ئه‌وه‌ی به‌ ناونیشانی هه‌ڵبژاردن له‌م ده‌وڵه‌ته‌ دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ سەرەڕای ئەوەی هەر لە بنەڕەت و ئاستی گشتییدا ، گاڵته‌جاڕییه‌كی پڕ فرت و فێڵ و  چەواشەکارانەی ده‌زگای رێبه‌ریی ئێرانه‌؛ لە کوردستانی داگیرکراو، بەمەبەستی رێكلام و کەڵکی ئامرازیی وەرگرتن له‌ ده‌نگی رۆڵەکانی ئەم نیشتمانە به‌ڕێوه‌ ده‌چێ.چوونكه‌ کورد نە بەشێکی لە  ده‌وڵه‌ت و سەروەریی سیاسیی لە ئێران هەیە؛ نە لە حکومەت و دەسەڵاتیشدا هیچ پێگە و جێگەیەکی هەیە و نه‌هیچ كوردێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بگاته‌ ئاسته‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی.

كورد له‌ ناو ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دا ته‌نانه‌ت مافی خۆ بەڕێوەبەریی ئیداریشیی پێنەدراوە و تاران وه‌ك سوخره‌ كێشی خۆی، لێی ده‌ڕوانێ.

دەنگی رۆڵەکانی کوردستان بۆ نیشاندان و سەلماندنی درۆی بەشداریی سیاسیی کورد لەو وڵاتە و شاردنەوەی واقیعی راستەقینەی داگیرکراویی کوردستانە.

تاران به‌ رکێش كردنی رۆڵه‌كانی كوردستان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ، گۆڤەندی گوێزانەوەی مۆرەیەکی جه‌نایه‌تكاری خۆی لە تاران بۆ کۆشکی کۆماریی، گەرم ده‌كا. له‌حاڵێكدا نه‌ هه‌رگیز كوردێك  خۆی ده‌توانێ رۆژێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ بگوێزرێته‌وه‌ و نه هه‌رگیز ئاڵووگۆڕی مۆرەکانی دەوڵەتێکی داگیرکەر لە نێو خۆیاندا، بۆ نەتەوەیەکی بێده‌وڵه‌تی خاک و ماف داگیرکراو، هیچ گۆڕانێک لە ژیانی ئەو نەتەوەیە پێكدێنێ.

    ئەوەندەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکانی شار و دێ دەگەڕێتەوە، بڕیاردەرانی دەوڵەتی داگیرکەر لە کوردستان، نە رێگا بە کەسانی نیشتمانپەروەر دەدەن ببنە ئەنجومەنی شار و دێ؛ نە ئەو ئەنجومەنانەش هیچ بڕیار و قەرارێکیان بۆ خزمەت بە خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەدەستدایە؛  نه‌ له‌ هیچ شار و گوندێكی نیشتمانی داگیركراومان، ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوویان پێشكه‌ش كردووه‌.بڕیاردەرانی راستەقینەی کاروباری خەڵکی کوردستان بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانن‌.

   بۆیە، به‌شداریی نه‌كردنی كوردستانیان له‌و شانۆگەرییانە،یانیی پیشاندان و پێداگریی له‌ سه‌ر ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی جیاواز له‌ ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر؛یانیی نا گوتن بە به‌رده‌وامیی حاکمییەتی دەوڵەتی داگیرکەر لە سه‌ر نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌كه‌مان و هه‌بوونی ئیراده‌ی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی .

ته‌حریمكردنی ئه‌و گاڵته‌جاڕییانه‌ یانیی مل نه‌دان به‌ بوونه‌ ئامراز و ماده‌ی رێكلام بۆ تاران.

 بایكۆت كردنی شانۆگه‌ریی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر، یانی ره‌تكردنه‌وه‌ی سۆخره‌كێشی و كۆیه‌لایه‌تیی و  پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی نیاز و مەبەستەکانی تاران.

بۆ رۆڵەکانی نەتەوەی کورد، ده‌نگدانێك مایه‌ی شانازیی و  هیوایه‌ كه‌ ئاكامه‌كانی رێگای ئازادیی و  سه‌ره‌وه‌ریی و سه‌ربه‌خۆیی ته‌خت بكا.

نا بۆ سەروەریی تاران لە سەر کوردستان

سه‌ركه‌وێ خه‌بات له‌ پێناو ئازادیی، سه‌روه‌ریی و ده‌وڵه‌ت وسه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا

پارتی ئازادیی کوردستانPAK

کۆمیتەی ناوەندیی

22ی جۆزه‌ردانی 2721ك

12 ی ژووئه‌نی 2021ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *