راگەیێندراوی کۆمیتەی هاوکاری هێزە کوردستانییەکان لە وڵاتی هۆلەند سەبارەت بە شەهید کردنی عادل کیانپور پێشمەرگەی پاڕتی ئازادیی کوردستان PAK .

دەستی رێژیمی کۆنەپەرەست و داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دوبارە بە خوێنی رۆڵەیەکی تری کوردستان سور بو .
هەر وەک ئاگادارن لەم ماوەیەدا حکومەتی داگیرکەری ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو دەبا و بە قەڵاچۆ کردن و سەرکوتی لاوان و رۆڵەکانی نیشتمان بە تەمایە هزر و بیری ئازادی و رزگاری لە ناو نەتەوەی رزگاریخوازی کورد دا مت بکا ،

بەڵام هەر وەک حکومەتە داگیرکەرەکانی پێشوو لە رەزا ماکسیمەوە بگرە تا حەمەرەزای کوڕی و دواتر حکومەتی کۆماری ئیسلامی نەیانتوانیوە ئەو هەست و هزرە دابمرکێنن بەڵکو گڕ و تینی ئام ئاگرە رۆژ لە دوای رۆژ پڕ تینتر و بەهێزتر بووە و تا بە ئاواتی خۆی نەگا کۆڵ نادا و دانامرکێ .
لەم ماوەیە دا حەیدەر قوربانی رۆڵەی بە ئەمەگ و چاو نەترسی کورد بە شێوەیەکی دڕندانە و بێ ئاگادار کردنەوەی خۆی و پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی لە سێدارە درا و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی کوردستان بو . زارا محەمەدی کە وەک مامۆستای زمانی کوردی سەرقاڵی وانەی زمانی زگماکی بوو بە دور لە هەمو یاسا و پڕەنسیبە نێودەوڵەتی و تەنانەت ناوخۆییەکانیش بانگهێشتی گرتوخانە کراوە و تەنیا بە هۆی وانەوتنی کوردی ماوەی پێنج ساڵ بەندیخانەی بۆ دەرکراوە و لە ئێستا دا لە گرتوخانە ژیان بە سەر دەبا . رۆڵەی ئازا و بە ئەمەگی کورد عادل کیانپور ناسراو بە هێربۆد لۆڕ کە پێشمەرگەی سپای میللی کوردستان و ئەندامی پاڕتی ئازادیی کوردستان بوو لە گرتوخانە دا بە دەرزی ژەهراوی گیانی لێ دەستێنن و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی کوردستانی دەکەن تا دیسان داری ئازادی و رزگاری بە خوێنی لاوەکانی ئاو بدرێ و بەر بگرێ .
شەهید عادل کیانپور کە ماوەی ساڵ و نیوێک لە ریزەکانی پاڕتی ئازادیی کوردستان دا قۆناغەکانی راهێنانی بڕیبوو بۆ کار و باری رێکخستن دەگەڕێتەوە ناوخۆ و دوای ماوەیەک لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەست بە سەر دەکرێ . لە دادگایەکی نادادپەروەرانە دا بڕیاری 3 ساڵ بەندیخانەی بە سەر دا دەسەپێنن بەڵام کاتێک لە گرتوخانەی شەیبانی ئەحواز لە کاتی تێپەڕاندنی ماوەی بڕیارەکەی بو دەکەوێتە ژێر گوشاری ئیتلاعات و داوای لێدەکەن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی دا دژی بەرژەوەندی گەل و نیشتمانی خۆی بەشداری بکا ، بەڵام عادلی نیشتمانپەروەر خۆ لەو داوە دەبوێرێ و وڵامی نەخێر دەداتەوە هەر ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بڕیاری لەناو بردنی بدەن . هەفتەی پێشوو کاتێک شەهید عادل بە هۆی نادادپەروەری مان لە خواردن دەگرێ تیمێکی 3 کەسی لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بە بیانوی چارەسەر دەیبەن بۆ بەشی تەندروستی گرتوخانە و لەوێ بە لێدانی دەرزی ژەهراوی “رایسین” ژەهراوی دەکەن و لە ئاکام دا دو رۆژ دوایی گیانی پاکی تێکەڵ بە هاوڕێیانی شەهیدی دەبێ . دوای ئەم تاوانە دژە مرۆڤانەیە تەرمی بێ گیانی لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بە ئامبۆلانسێکی سەربازی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی شاری ئەحواز و لەوێوە دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەبوزەر و لەوێش را بەرەو ساردخانەی کۆمپلۆ دەگوازرێتەوە .
ئەم بێنە و بەرەیە تەنیا بۆ شوێنە ونکە و بزر کردنی تاوانەکەیان ئەنجام دراوە و دوای ئەم هاتووچۆیە بێ ئاگاداری بنەماڵەکەی تەرمی شەهید عادل لە گۆڕستانی گوندەکەیان بە خاکی دەسپێرن .
بەم بۆنەوە کۆمیتەی هاوکاری هێزە کوردستانییەکان لە وڵاتی هۆلەند هەمو تاوانە دژە مرۆڤانەکانی کۆماری داگیرکەری ئێران ئیدانە دەکا و بەو پەڕی خەمبارییەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کار و هاوڕێیانی ئەم تێکۆشەرانە دەکا .
کۆمیتەی هاوکاری هێزە کوردستانییەکان لە وڵاتی هۆلەند
15ی به‌فرانباڕی ساڵی 2721ی کوردی
5ی ژانیوەری ساڵی 2022ی زایینی

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *