سه‌رۆكیPAK سپاس و قه‌درزانیی پێشكه‌شی پرسه‌كه‌رانی كۆچی دوایی دایكیان ده‌كا:

به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی سپاس و پێزانین بۆ. ئه‌و كه‌سایه‌تی و لایه‌نانه‌ی بۆ كۆچی دوایی دایكی به‌ڕێزیان، هاوخه‌می و پرسه‌یان لێكردوون، به‌ڕێز حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا سه‌رۆكی پارتی ئازادیی كوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتی سپای میللیی كوردستان، سپاسنامه‌یه‌كی پێشكه‌ش كردووه‌. ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی سپاسنامه‌كه‌یه‌:

سپاس و قه‌درزانیی
به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی ژنه‌ شۆڕشگێڕ و سالاره‌كه‌ی كورد، دایكی شه‌هیدان ره‌شید و سه‌عید یه‌زدانپه‌نا و دایكی ئێمه‌ی خزمه‌تكاری خاكه‌ڕای نیشتمان، شه‌پۆلێك له‌ هاوخه‌میی و سه‌ره‌خۆشیی،له‌ رێگای پێوه‌ندیی ته‌له‌یفوونیی، سۆسیالمیدیا، پرسه‌نامه‌ و سه‌ردان و فاتێحا خوێنی، له‌ هه‌ر چوارلای نیشتمان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌، له‌ خه‌ڵكی ئاساییه‌وه‌ هه‌تا به‌رزترین ئاسته‌ نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، رووی تێكردین.
بۆیه‌ لێره‌وه‌، رێز و سپاس و پێزانینی خۆمان له‌ حاند هاوخه‌میی یه‌كبه‌یه‌كی ئه‌و به‌رێزانه‌ راده‌گه‌یه‌نین .
به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ پێویستی ده‌زانم سپاس و پێزانین پێشكه‌شی رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كورد جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی بكه‌م كه‌ به‌ لوتفی خۆی، له‌ باری خه‌مه‌كه‌ی سووك كردین. هه‌روه‌ها سپاسێكی زۆر پێشكه‌شی جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران به‌رێز كاك مه‌سروور بارزانی بكه‌م كه‌ سه‌ره‌ڕای سه‌رقاڵیی به‌ قه‌یرانه‌كان و به‌ربه‌ره‌كانێ له‌ گه‌ڵ پیلانگێڕیی دوژمنان، په‌رژایه‌ سه‌ر خه‌می ئێمه‌و پرسه‌ی لێكردین.
گه‌لێك سپاسی رێبه‌رایه‌تی و تێكۆشه‌رانی حیزب و لایه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌ هاوخه‌میی له‌ گه‌ڵمان، گیانی ته‌بایی و برایه‌تییان هاندا.
سپاس و پێزانین پێشكه‌ش ئه‌میندار و سه‌رۆك و سكرتێر و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی نیشتمانی داگیركراومان، كه‌ له‌م كۆسته‌دا له‌ گه‌ڵمان بوون.
زۆر سپاس بۆ په‌رله‌مانتارانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیره‌به‌ڕێزه‌كان و جه‌نابی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و جێگری وه‌زیر و سپاسالاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پشتیوانیی یه‌ك و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی٨٠ و فه‌رمانده‌ و ئه‌ندامانی فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی و فه‌رمانده‌كان و پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كه‌ی٧٠ و ئه‌ندامانی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و به‌رپرس و ئه‌ندامانی مه‌حوه‌ره‌كان و سه‌رجه‌م فه‌رمانده‌ له‌شكرییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سه‌رجه‌م كاربه‌ده‌ستانی حیزبی و حكوومیی.
سپاس و پێزانین بۆ هاوخه‌میی سه‌رۆك و مامۆستایانی زانكۆ، مامۆستایانی ئایینی، كه‌سایتییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان، ده‌رودراوسێكان، خاوه‌نكار و وه‌ستا و كرێكاران، خوێندكاران و قوتابیان، رۆژنامه‌نووسان و میدیاكاران و هونه‌رمه‌ندان.
سپاسی زۆر بۆ هاووڵاتیانی دڵسۆز و دۆستان و خزمان و ئاشنایانمان له‌ رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو كه‌ سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه‌ی پێوه‌ندیی، پرسه‌وهاوخه‌مییان پێگه‌یاندین و هه‌ستی خۆیان ده‌بڕی .
سپاس بۆ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و بنه‌ماڵه‌ی هه‌ڤاڵانی پارتی ئازادیی كوردستان و سپای میللیی كوردستان له‌ رۆژهه‌ڵات و باشوور و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه‌ وه‌ك شه‌ریكه‌ خه‌م، ده‌ركه‌وتن.
سپاس بۆ فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌كانی سپای میللیی كوردستان و به‌رپرسان و ئه‌ندامانی پارتی ئازادیی كوردستان كه‌ ته‌رمی دایه‌خانمی خۆیان به‌ سه‌ر شان به‌ره‌و گۆڕستان گوێزایه‌وه‌و ئاسایشی رێوڕه‌سم و بۆنه‌كه‌یان دابین كرد و میوانداریی له‌ پرسه‌كه‌رانیان له‌ ئه‌ستۆ گرت.
سپاس و قه‌در زانیی بۆ هه‌ڤاڵه‌ دێرینه‌كانی برا شه‌هیده‌كانمان له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه‌ ئه‌مه‌گناسانه‌ بۆ كۆچی دایه‌خانم، خه‌میان هه‌ڵگرت.
هه‌روه‌ها سپاس بۆ كه‌سایه‌تیی و نوێنه‌رانی حیزب و رێكخراوه‌ سیاسییه‌كان و دۆستانی نیشته‌جێی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه‌ راسته‌وخۆ یان له‌ رێگای پێوه‌ندیی له‌ گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی پارتی ئازادیی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هاوخه‌می و پرسه‌و سه‌ره‌خۆشیان پێگه‌یاندین.
له‌ خوای گه‌وره‌ داوكارین دایك و باوك و براكانی ئێمه‌و شه‌هید و مردووی هه‌موولایه‌ك بخاته‌ به‌ر دلۆڤانی خۆی و ، به‌ به‌هه‌شتی به‌رینیان شاد بكا.
حسین یه‌زدانپه‌نا
پێشمه‌رگه‌ی رێگای ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
28ی به‌فرانباری2720ك
17ی ژانویه‌ی 2021ز
Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *