
ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد!
کوردستانییه نیشتمانپه‌روه‌ره‌کان!
28 گه‌لاوێژی ئه‌مساڵ، 33 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی “فه‌رمانی جیهاد” به‌دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان تێده‌په‌ڕێ.
33 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌پاش زنجیره‌یه‌ک په‌لامار و شه‌ڕفرۆشیی حاکمانی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئێران، سه‌ره‌نجام له 28 گه‌لاوێژدا، خومه‌ینی رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی، به‌ده‌رکردنی حوکمی جیهاد له سه‌ر کورد، شه‌ڕ و په‌لاماری سه‌رانسه‌ریی به دژی نه‌ته‌وه‌که‌مان، راگه‌یاند.
به‌دووای ده‌رچوونی ئه‌و فه‌رمانه، ده‌یان هه‌زار که‌س له هێزه‌کانی ئه‌رته‌ش و پاسداری کۆماری ئیسلامی له عه‌رد و ئاسمانه‌وه به پاڵپشتی تۆپ و تانک و ته‌یاره، هێرشێکی به‌ربڵاویان به ئامانجی داگیرکردنه‌وه‌ی کوردستانی ئازاد و تێکشکاندنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و به‌چۆکداهێنانی ڕۆڵه‌کانی ئه‌م خاکه و سه‌پاندنی حوکمی داگیرکه‌ری، وه‌ڕێخست.
هێزه داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی به‌پێی حوکمێ که ده‌رچووبوو، له هیچ تاوان و جینایه‌تێک دژ به ڕۆڵه‌کانی کورد و ژینگه و خاکی کوردستان نه‌پرینگانه‌وه و له ئاکامی ئه‌و هێرشه سه‌رانسه‌رییه‌دا، هه‌زاران مرۆڤی کوردیان به‌تاک و کۆ، له ناو برد. هه‌روه‌ها به‌شێک له ئاوه‌دانی و کێڵگه و دار و ده‌وه‌نی وڵاته‌که‌مانیان کرده سووتماک.
له به‌رانبه‌ر حوکمی جیهادی خومه‌ینی و هێرشی هێزه‌کانی بهرفهرمانیدا، ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد داماو و ده‌سته‌وه‌ستان نه‌وه‌ستان و به یه‌کگرتوویی و وه‌رێخستنی به‌رگری و به‌رخۆدانێکی مێژوویی، لاپه‌ڕێکی دیکه‌ی پڕ سه‌روه‌رییان خسته‌سه‌ر مێژووی به‌ره‌نگاریی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌رانبه‌ر داگیرکه‌ران و له ماوه‌ی 3 مانگدا، ده‌رسێکی وایان به داگیرکه‌ران دادا که سیسته‌می سه‌رکوت و داگیرکه‌ریی رێژیم په‌کی که‌وت و هه‌ر خومه‌ینی خۆی ناچار بوو فه‌رمانی راوه‌ستانی شه‌ڕ و بانگه‌وازی ئاشتی ده‌ربکا.
ئه‌و فه‌رمانه‌ی خومه‌ینی له 28 گه‌لاوێژدا به دژی کورد ده‌ریکرد، هه‌ر چه‌نده رواڵه‌تی ئایینی هه‌بوو، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆکدا، درێژه‌ی ئه‌و رێچکه‌یه بوو که حکومه‌ته یه‌ک له دووای یه‌که‌کانی ئێران هه‌ر له شاکانی سه‌فه‌وییه‌وه تا قاجار و په‌هله‌وی بۆ تووناکردنی گه‌لی کورد و به‌تاڵان بردنی سامانی وڵاته‌که‌ی و رووخاندنی هه‌ر قه‌واره‌یه‌ک له حاکمییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه، گرتبوویانه به‌ر. ئه‌و فه‌رمان و کرداره دژی ئینسانییه، له یاسای نێوده‌وڵه‌تی دا ده‌چێته خانه‌ی ژێنۆساید و کۆمه‌ڵکوژییه‌وه.
خۆڕاگری و کۆڵنه‌دانی کوردان و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی داگیرکه‌ر و حه‌ولدان بۆ به‌رقه‌راریی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌ییش، نه‌ریتێ بوو که له شێخی شۆڕشگێران شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و سه‌رداری گه‌وره‌ی گه‌ل سمکۆی شکاک و هه‌ڵۆی سووری مه‌ڵبه‌ندی لوڕستان قه‌ده‌م خێر و پێشه‌وای شه‌هیدی گه‌ل قازی محه‌مه‌ده‌وه به‌میرات بۆ رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد مابووه‌وه.
به‌مجۆره ئه‌گه‌ر فه‌رمانی جیهاد به دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد، سیمبولی ناسیۆنالیزمی داگیرکه‌ر و خۆسه‌پێنی ئێرانی بوو له سه‌رده‌مێکی تازه‌دا، به‌ربه‌ره‌کانی و به‌رخۆدانی جه‌ماوه‌ریی کورد، هێمای ناسیۆنالیزمی ئازادیبه‌خشی کورد بوو له پێناو سه‌روه‌ریی سیاسیی خۆیدا .
شه‌ڕ و تاوانی کۆماری ئیسلامی له دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، له ماوه‌ی 33 ساڵی ڕابردوودا نه‌بڕاوه‌ته‌وه و درێژه‌ی هه‌یه. تێرۆری رێبه‌رانی سیاسی، ئێعدامی رۆڵه‌کانی کورد له زیندانه‌کاندا، به‌تاڵان بردنی سامانی نه‌ته‌وه‌یی کوردان، تێکدانی باری دیمۆگرافی هه‌رێمه ره‌سه‌نه‌کانی کوردستان، حه‌ولدان بۆ شێواندنی ناسنامه و کلتور و که‌سایه‌تی کورد، بڵاوکردنه‌وه‌ی ماده بێهۆشکه‌ره‌کان، په‌ستاندنی هه‌زاران کورد له ئه‌شکه‌نجه‌گاکان و کوشتاری به‌رده‌وامی ڕۆڵه‌کانی کورد له‌سه‌ر سنووره‌کان، درێژه‌ی ئه‌و حوکم و شه‌ڕه‌یه که 33 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌سه‌ر کورد دا سه‌پا.
به‌ڵام نه داگیرکردن و میلیتاریزه‌کردنی کوردستان و نه قوربانییه زۆر و زه‌وه‌نده‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، بزوتنه‌وه‌ی ئازادییبه‌خشی کوردستانی په‌ک نه‌خستووه و به هه‌موو هه‌وراز و نشێوهکانهوه، نه‌ته‌وه‌ی کورد ئاڵای ئازادیی و ملنه‌دان به زۆرداریی شه‌کاوه راگرتووه.
ئه‌مڕۆ له ده‌سپێکی 34 ساڵه‌ی ده‌رچوونی حوکمی ژێنۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، پارتی ئازادیی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌م پرێنسیپانه پێداده‌گرێ:
1- نه‌ته‌وه‌ی کورد، وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی کۆڵۆنیکراوی دابه‌شکراو مافی ره‌وای خۆیه‌تی، بۆ هه‌ڵته‌کاندنی ئه‌و ته‌رتیباته سیاسییه ناڕه‌وایه‌ی به سه‌ریدا سه‌پێندراوه، تێ‌بکۆشێ. کورد وه‌ک هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌م جیهانه، مافی ره‌وای خۆیه‌تی، سنووره سیاسییه ده‌سکرده‌کان تێکشکێنێ و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دابمه‌زرێنێ.
2- ده‌وڵه‌تی ئێران و سه‌رانی بڕیار به‌ده‌ستی کۆماری ئیسلامی، به‌رپرسی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژی و ژێنۆسایدهن که له 28 گه‌لاوێژی 1358( هه‌تاویی) دژ به نه‌ته‌وه‌ی کورد، بڕیار درا و به‌ڕێوه برا. نه‌ته‌وه‌ی کورد خوازیاری ناسینی ئه‌و بڕیار و رووداوه به ژێنۆساید و، دادگایی کرانی بڕیارده‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی کوشتاری ده‌یان هه‌زار مرۆڤی کورد و قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌یه له کورد و کوردستان دراون.
3- به‌ره‌نگاریی نه‌ته‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له حاست، هێرشی سه‌رانسه‌ریی هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئێران بۆ توونا کردنی کورد، بڕیارێکی دروست و مێژوویی بوو. کهڵکورگرتنی نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌ر که‌ره‌سته و ئامراز و تێکنیکێکی سه‌رده‌م، بۆ پاراستنی خۆی و وه‌ده‌سهێنانی مافه‌کانی، به مه‌رجێک به‌ده‌ر له تێرۆر و ره‌شه‌کوژی بێ، دروست و ره‌وایه.
4- نه‌ته‌وه‌ی کورد مافی خۆیه‌تی بۆ پاراستنی خۆی له کوشتار و قه‌لاچۆ و بۆ گه‌یشتن به به‌رابه‌ری حقوقی- سیاسی له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی هه‌رێمه‌که و وه‌ده‌ستهێنانی سه‌روه‌ریی سیاسیی، وێڕای پشت به‌خۆ به‌ستن، هانا بۆ رێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌رێ و داوای هاوکاری له ده‌وڵه‌تانی جیهان بکا.
5- نه‌ته‌وه‌ی مه‌زنی کورد، به یه‌کێتی ریزه‌کانی ده‌توانێ ، به‌ره‌نگاری هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌کانی دوژمنانی ببێته‌وه و له‌و ده‌رفه‌تانه‌ی له جیهانی ئه‌مڕۆدا بۆ نه‌ته‌وه بنده‌ست و بێده‌وڵه‌ته‌کان پێکهاتووه، کهڵکوهرگرێ.
پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی
28 گه‌لاوێژی 2712
18ئاگۆستی 2012
وەڵامێک بنووسە