لێدوانی وته‌بێژی سپای میللیی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ داوای سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق

(هیوادارین ویستی عێراقییه‌كان وه‌دیی بێت كه‌ هاوار ده‌كه‌ن: “ ئێران به‌ڕه‌ به‌ڕه”)

عه‌لی شه‌مخانی سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران ، له‌ دیدار له‌ گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، داوای لێكردووه‌، حكوومه‌تی عێراق، حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌ربكات.
ئێستا با له‌و باسه‌ بگه‌ڕێین كه‌بڕیاری سیاسیی له‌ عێراق به‌كرده‌وه‌ دابه‌شی سه‌ر دوو ناوه‌ند و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر و به‌غدایه‌ كه‌ هیچیان به‌ سه‌ر خاك و ناوچه‌ی ئه‌وی دیكه‌یاندا حوكم ناگێڕن.

عه‌لی شه‌مخانی وه‌ك كاربه‌ده‌سته‌ نه‌زانه‌كانی دیكه‌ی ئێستا و پێشووی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری ئێران ، پێیوایه‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگارییخوازیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بریتییه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك بنكه‌و باره‌گای حیزبیی كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بنكه‌ و باره‌گایانه‌ نه‌مان، ئیتر بزووتنه‌وه‌ی كورد كۆتایی دێت و ئه‌وان ده‌توانن سه‌رینی خاترجه‌می بخه‌نه‌ ژێر سه‌ریان. ئه‌وان چاو و گوێی خۆیان له حاست ئه‌و راستییه‌ خنیوه‌ كه‌ دڵی بزووتنه‌وه‌ی رزگارییخوازیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ ناو خاك و خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی داگیركراودا بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی لێده‌دا و دینه‌مۆی بزووتنه‌وه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ن. هه‌روه‌ها ره‌نگه‌ شه‌مخانی زه‌ینی كوێر بووبێته‌وه‌ و مێژووی پڕ له‌ هاوپشتیی و داڵده‌دانی سه‌ركرده‌كانی یه‌كتری پارچه‌كانی كوردستان به‌ گشتی و باشوور و رۆژهه‌ڵات به‌ تایبه‌تی، له‌بیر كردبێیت كه‌ چۆن هه‌ر ده‌ور و قۆناغێك پارچه‌یه‌كیان ده‌بێته‌ مه‌كۆی جێگیربوون و حه‌وانه‌وه‌ی شۆرشگێڕانی پارچه‌كه‌ی دیكه‌. ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی باشووری نیشتمان شۆڕشگێڕانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان له‌ خۆ گرتووه‌ و پێشمه‌رگه‌ و تێكۆشه‌رانی رۆژهه‌ڵاتیش، درێخیان نه‌كردووه‌ له‌ فیداكاریی و له‌ خۆبوردوویی بۆ پاراستنی كیانی سیاسیی وخاك و سنووری ئه‌وان.
شه‌مخانی له‌ كاتێكدا، ئه‌و داوایه‌ پێشكه‌شی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌كا كه‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی هه‌زاران پاسدار و سه‌دان تیم و تاقمی سیخوڕی و تێرۆریستیی خزاندووه‌ته‌ ناو عێراق و له‌ گه‌ڵ گرووپه‌ تێرۆریستییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، بوونه‌ته‌ له‌مپه‌ڕی سه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی عێڕاق.
بۆیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێ له‌ عێراق وه‌ده‌ر بنرێ ئێران و گرووپه‌ تێرۆریستییه‌كانییه‌تی. ئێمه‌ هیوادارین ویستی عێراقییه‌كان وه‌دیی بێت كه‌ له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ پڕ به‌ ده‌نگ هاوار ده‌كه‌ن: “ ئێران به‌ڕه‌ به‌ڕه”. هه‌روه‌ها پاڵپشتی خۆمان له‌ داوای نیشتمانپه‌روه‌رانی عێراقی ده‌رده‌بڕین كه‌ خوازیاری گرتن و دادگایی كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌ فیت و پاڵپشتی تاران، خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی عێڕاقییه‌كانیان خه‌ڵتانی خوێن كرد و سه‌دان هاوڵاتیی عێراق كه‌ خوازیاریی ده‌ركردنی ئێران بوون، كوشتووه‌.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر بۆ ده‌مه‌ته‌قه‌ش له‌ گه‌ڵ سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران بووبێت؛ ده‌ڵێین: خه‌یاڵتان خاوه‌، بزووتنه‌وه‌ی رزگارییخوازیی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ و خه‌باتی ئێمه‌، به‌ فاكته‌ری وا په‌كیان ناكه‌وێ. له‌ به‌رده‌م ئێمه‌دا ده‌رفه‌تی دیكه‌ زۆر هه‌ن كه‌ روویان تێبكه‌ین. له‌وانه‌ گوێزانه‌وه‌ی شه‌ڕ بۆ ماڵی ئێوه‌؛ بۆ تاران و شاره‌ گه‌وره‌كانتان؛ بادانه‌وه‌مان بۆ سه‌ر سنووره‌كان و پێكهێنانی دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانیی له‌ گه‌ڵ دژبه‌رانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ تا ئێستا، روومان تێنه‌كردوون.

وته‌ بێژی سپای میللیی كورستان
ئه‌رده‌ڵان خه‌سره‌وی

٢٤ی گه‌لاوێژی ٢٧٢١كوردیی
١٥ی ئووتی ٢٠٢١ عیسایی

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *