پەیامی سەرۆکیPAK رێبەری سەربەخۆیی رۆژھەڵاتی داگیرکراو بە بۆنەی«ڕۆژی جیهانیی کرێکار»ەوە

باری گرانی دابەش و داگیرکرانی کوردستان و بەجێمانی کورد لە پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی، لە هەمووان زیاتر بە کۆڵ کرێکاران و زە‌حمەتکێشانی کوردستانەوەیە. ئەوان زیاترین ڕێژەی حشیمەتی نەتەوەکەمان پيکدێنن. لە نێوان بێدەوڵەتیی کورد و چەوسانەوە وباری ئابووریی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستاندا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە. هەر بۆیە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەو چوارچێوە و بەستێنە ڕاستەقینەیە کە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان ، دەتوانن تێیدا بۆ گەیشتن بە داد و بەختەوەریی تێبکۆشن.

چاوخشاندنێک بە ڕوومای جیهان و ئەزموونی نەتەوەکان لە ڕێککەوتنی ڤێستڤالیاوە(1648) هەتا ئێستا، دریدەخەن کە پێشکەوتن و بەختەوەری تاک و چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکان، بەندە بە هەبوون و پێگە و ڕۆڵ و توانایی دەوڵەتی نەتەوەییەوە. ئەو نەتەوانەی خاوەن دەوڵەتن و دەوڵەتەکانیان بەهێز و پيشکەوتوو و خاوەن توانان، ڕێژەیەکی پتری بەختەوەریی و ماف بۆ تاک و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانیان دابین کردووە.
لە پاش بڕانەوەی شەڕی دووهەمی جیهانیی پێگەی یەکێتی سۆڤییەت لە سەر ئاستی جیهان بەهێز بوو. هەروەها تیۆری مارکسیزم- لینینیزم پەرەیسەند. هاوکات بە کرانەوەی پێی حیزبی توودە بۆ کوردستان و دانانی گەرای فیکریی وڕایڵکەی ڕيکخراوەیی، بیری چەپایەتی م. ل لە ڕۆهەڵاتی کوردستان چەکەرەی کرد و بووە پارادایمی زاڵ بەسەر جووڵانەوەی سیاسیی کوردستاندا.
مارکسیزم- لینینیزم خۆی وەک تیۆریی زادەی هەناوی کورد و سەرزەویی کوردستان نەبوو. بێجگەلەوەش لە بنەماکانی م.ل دا ڕزگاریی نەتەوەیی بگۆڕێکی سەربەخۆ نییە و بەستراوەی ” شۆڕشی سۆسیالیستی” و ” بەرژەوەندیی چینی کرێکاری سەرانسەریی”یە. بۆیە بووە فاکتەرێک بۆ لاواز بوونی ناسیۆنالیزمی کورد و وەرگەڕانی نەوەی خويندەوار و ڕووناکبیری ئەو کاتی کورد بەرەو ناسنامەی ئێڕانیبوون و سیاسەتی ئێرانچێتی.
ئاکامی ئەم میتامۆرفۆز(Metamorphose) ە لە جووڵانەوەی سیاسیی کوردستاندا بووەی هۆی ئەوەی دۆزی کورد گیرۆدەی قەیرانی ناسنامەیی ببێت. دۆزی کورد بریتیی بوو لە خەبات بە دژی دابەش و داگیرکراویی کوردستان، بەڵام هەڵگرانی ئەو بیردۆزە بە تۆپزیی لە حەولی سەپاندنی دیسکۆرسی شەڕی چینایەتیی بوون بە سەریدا. کاتێ کە رێژیمی پاشایەتی ئێران گڵۆڵەی کەوتە لێژیی و هەلومەرجێکی لەبار بۆ بووژانەوەی خەبات و بزاڤی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوت، خوێندنەوە بۆ پرسی کوردستان وتێگەیشتن لە ناتەبایی سەرەکیی و دانانی ستراتیژیی و فام کردنی سیستەمی جیهانی وناسینی دۆست و دوژمن بەو ئایدۆلۆژیایە، کارەساتی لێکەوتەوە. ئاکامە سیاسییەکانی ئەو بەپاشدا هاتنە زۆر تفت و تاڵ و پڕ خەسار بوو. سەرهەڵدانی ناکۆکیی توند و دابەشبوونی سیاسیی کۆمەڵگا، پەرەگرتنی توند و تیژیی و زەبر و زەنگ، شەڕی ناوخۆیی براکوژیی، پاڵوە دوژمنەوە دان،چەک و چۆڵ ڕادەستی دوژمن کردن،کوشتن و تێرۆری کەسانێک بە تاوانی وەهمی،کەڵکی ئامرازیی وەرگرتنی دەستە و تاقمە فارسەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە کورد، قوربانی و ڕەنجبەخەساریی زۆر و دەسکەوتی کەم؛ بەشيک لە ئاکامەکانی ئەو بەلاڕێدا چوونە لە بیری سیاسیی نەتەوەیی بوون.
ئیمڕۆکە پاش ئەو ئەزموونە زۆر و زەوەندە خۆیی و دەرەکییانە و تەقینەوەی زانیاریی وبوونی ئینترنێت وسەرهەڵدانی میدیای دیجیتاڵ وهەبوونی دەرفەتی زانیاریی وەرگرتن و ئاگاداربوون و ناسین؛ ڕۆڵەکانی کوردستان هەرگیز نابێ ڕێگا بە تاقیکردنەوە و دووبارە پێداڕۆیشتنەوە بەو کوێرەڕێیەدا بدەن. دەردی کورد و ڕێگای بەختەوەریی گشتیی و تاک و کۆی کۆمەڵی کوردەواریی خۆیا و دیارە. خەمی کورد مەینەتی بندەستی و نەبوونی سەروەریی و دەوڵەتە. رێگاکەش رێگایەک بێجگە لە هەڵگرتنی تەوقی سەروەریی دەوڵەتی فارس لە سەر کوردستان و گەیشتن بە سەروەریی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی نییە.
پارتی ئازادیی کوردستان کە ناسیۆنالیزمی ڕزگاریدەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕوونی و ڕاشکاوی نوێنەرایەتیی دەکات، تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی ڕیزەکانی نەتەوەی گەورەی کورد لە ماکۆوە هەتا لوڕستان و بەختیاریی، بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، لە پێناو وەدیهێنانی ئەو ئامانج و ستراتیژییە ڕەوایە، یەکگرتوو بکات. بیر و خیتابی سیاسیی حیزبی ئێمە دژ بە لێکترازانی ڕیزی چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواریی و، لە پێناو گرد و کۆ کردنی خەباتی ڕزگاریی نیشتمانیی بە دژی داگیرکاریی و دابەشکراوییە. ناتەبایی سەرەکیی و لەئاشتیی نەهاتووی ئەم قۆناغەی نەتەوەی ئێمە لە گەڵ داگیرکەرانی نیشتمانەکەمانە.هاوکات ئاسۆی دید و بیرمان بۆ ژیان لەو دەوڵەتەدا کە خەباتی بۆ دەکەین، دادگەرانە و دژی چەوسانەوەی چینایەتی و هەرچەشنە چەوسانەوەیەکی مرۆڤ لە لایان مرۆڤ و گەڕاندنەوەی حورمەتی ئینسانیی بۆ تاکی کوردە. کوردستانێکی سەربەخۆی خاوەن دەوڵەت و حکوومەت و سیستەمێکی کارامە، بە بەکارهێنانی دروستی سامانەکانی و دانانی ژێرخانی ئابووریی فرەچەشن و ڕێکخستنی ڕێوشوێنی گونجاوی ماڵیات و پێشگیریی لە قۆرخکاریی و چاوچنۆکیی کۆمپانیا ئابوورییەکان، دەتوانێ ڕێژەیەکی بەرزی ژیان و گوزەرانی بەختەوەرانە و دوور لە هەژاریی بۆ هەموو چین و توێژەکانی دابین بکات.
لەم بۆنەیەدا ئەوپەڕی داخ و کەسەر لە بارودۆخی دژوار و ئەو تەنگانە تاقەت پڕووکێنە دەردەبڕم کە کرێکاران و زەحمەتکێشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ژێر حکومڕانی دەوڵەتی داگیرکەری فارسدا، تووشی بوون و مرۆڤی بێدەرەتانی کورد لە پێناو پاروە نانێکی نەمرنەژییدا کۆڵبەریی بەسەردا سەپێندراوە. دەبا ئەم بۆنەیە و ئەو تەنگانەیە هاندەری ڕۆڵەکانی کوردستان بێت بۆ داماڵینی نیری یەخسیری دەوڵەتی فارس لە سەر نیشتمانەکەمان و گەیشتن بە ئازادیی و سەربەخۆیی وژیانی دادپەروەرانەی شایانی مرۆڤ.

حسەین یەزدانپەنا
11ی گوڵانی 2722ک
1ی مای 2022ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *