ڕاگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK لە مەڕ گیان بەخت کردنی هەڤاڵ عادل کیانپوور(هێربۆدلوڕ)

هەر وەک لە ڕۆژانی پێشوودا، سەرچاوەکانی پاڕتی ئازادیی کوردستانPAK، تا ڕادەیەک لایەنی گرینگ و شاراوەی گیان بەختکردنی هەڤاڵی پێشمەرگە و تێکۆشەری ڕیزەکانی پاڕتی ئازادیی کوردستان «عادل کیانپوور»یان لە قاو دا؛ پاش بەدواداچوونی ورد و ساخ بوونەوەی زانیارییە بەدەست گەیشتووەکان، ڕادەگەیەنین و پشتڕاستی دەکەینەوە کە زیندانی سیاسیی«عادل کیانپوور»، نەک لە ئاکامی مانگرتن لە خواردن، بەڵکوو لە لایان ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بە فەرمانی حسین تائیب، بە لێدانی دەرزی ژەهری «رایسین»، تێرۆر کراوە. بەر لە عادل کیانپوور، ژمارەیەکی دیکەش لە زیندانیانی سیاسیی حوکمدراو و بێ حوکمی ئەو گرتووخانەیە، هەر بەو تەرزە لەناو براون. ئەو تاوانانەش دەرخەری ئەو راستییەن کە تاران رۆژ بە ڕۆژ فاشیستانەتر لە تەک رۆڵەکانی نەتەوە خاک داگیر کراو و بندەستەکانی چوارچێوەی ئیمپڕاتۆریی ئێران، رەفتار دەکات.

تەرمی هەڤاڵی شەهید عادل کیانپوور، لە کاتێکدا ڕێگا بە کەس و کارەکەی نەدرا لە نزیکەوە بیبینن، لە کەشوهەوایەکی تەنراو بە کۆنتڕۆڵ و چاودێری هێزە داگیرکەرەکان و دام و دەزگا سیخوڕی و تێرۆریستییەکانی دەوڵەتی داگیرکەردا،لە گۆڕستانی گوندی بکهمەی مەسجێد سولەیمان، بەخاک ئەسپێردرا.

هەڤاڵ عادل کیانپوور وەک کوڕە لوڕێکی تینووی ماف و ئازادیی، بە پیر دیسکۆرس و بانگەوازی نەتەوەیی پاڕتی ئازادیی کوردستان بۆ یەکخستنەوەی گشت پێکهاتەکانی نەتەوەی گەورەی کورد و یەکبوونەوەی لوڕ لە گەڵ کورد،هات و، لە خەرمانانی2718دا خۆی گەیاندە ریزەکانی پاڕتی ئازادیی کوردستان. ئەو بە ئۆگرییەوە ماوەی ساڵێک وەک پێشمەرگە لە گوردانی سەردار ئەسعەدی بەختیاری لە تیپی زاگرۆسیPAK، خزمەتی کرد . ‪عادل کە لە ریزەکانی پێشمەرگەدا بە «هێربۆد لوڕ» ناسرا بوو،بە خێرایی قۆناغەکانی پەروەردەی سیاسیی و لەشکریی بڕی و لە قووڵیی و بایەخی گوتاری نەتەوەیی پاڕتی ئازادیی کوردستان گەیشت. هەر بۆیە لەو ماوەیەدا بۆ بەهێز کردنی ئەو گوتار و ستراتیژییە، کۆمەڵێک پەیامی روو بە لوڕستانات بڵاو کردەوە. بەوەشە نەوێستا و بۆ بەڕێکخستن کردنی ئەو گوتار و پڕۆژە نەتەوەییە گرینگە بەرەو لوڕستانات و مەڵبەندە لوڕنشینەکانی بن دەستی ئێران، گەڕایەوە.

هەڤاڵ عادل ئەگەر چی هوشیارانە حەولی دەدا لە چوارچێوەی سیستەمی دوژمن دا دەرفەتی جووڵە و تێکۆشان بڕەخسێنێت، بەڵام قینی کاربەدەستانی دەوڵەتی داگیرکەری فارس لە تێکۆشانی رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە لوڕستانات، بە ڕادەیەک بوو کە تەنانەت بەدەر لە یاسا و عورفە ناسراوەکانی خودی دەوڵەت، عادل کیانپوور لە لایان ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە گیرا و دواجار لە بێدادگایەکدا بە بێ ئەوەی ماف و دەرفەتی گرتنی پارێزەری پێ بدەن، سێ ساڵ زیندانیان بە سەردا سەپاند.

کەیسی عادل واتە لوڕ بوون و پێشمەرگە بوون لە ریزی پارتێکی سەربەخۆییخواز  و  تێکۆشان لە پێناو وەسەریەک کەوتنەوەی لوڕ لە گەڵ کورد، بە هۆی هەستیاریی و لە ڕاستییدا ترسێک کە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لێی هەیە، لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی تاران و نووسینەگەی سەرۆکی رێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئاخوند حسین تائیب دا بوو. تاران، عادلی بەند کراوی بۆ  وەرگرتنی زانیاریی و دیمانەی تەلەفزیۆنیی کە تێیدا دژ بە ڕێبازەکەی و پاڕتی ئازادیی کوردستان، بدوێت خستبووە ژێر گوشارەوە. بەڵام هەڤاڵی خەباتگێڕ عادل کیانپوور کوڕی ئازای لوڕ، نە هیچ رازێکی درکاند و نە دیمانەی تەلەفزیۆنی و لێدوان دژی رێبازەکەی و پاڕتەکەی قبووڵ کرد. بۆیە نەک هەر لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکاندا،بەڵکوو لە پاش حوکم درانیش، لە لایان ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەدرا.ئەشکەنجەگەرانی دوژمن لە گەڵ هەر زەبرێک لە عادلیان دەدا بە وشەی زبریش داخی خۆیان لە کورد و لوڕ و پێشمەرگە و PAK هەڵدەڕشت.

عادل کیانپوور لە پێناو دەنگهەڵبڕین بە دژی حوکم و ڕەفتاری بێدادی داگیرکەران، رۆژی ٤ی بەفرانبار لە گرتووخانەی شیبانی ئەحواز، مانگرتنێکی تەڕ لە خواردنی دەست پێ کرد و هەواڵی مانگرتنەکەی گەیاندە دەرەوەی زیندان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. پاش پێنج ڕۆژ لە مانگرتنەکەی، نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە ٩ی بەفرانبار تیمێک لە ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بە ناوی پێڕاگەیشتن، دەچنە کلینیکی پزیشکیی گرتووخانەکە و تاوانێکی دژی مرۆڤیی دەخوڵقێنن و  دەرزیی ژەهری «رایسین» لە عادل دەدەن. سەعات 11:10ی رۆژی شەممە 11ی بەفرانبار، تیمەکەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، دەچنەوە گرتووخانەکە و بە ئامبولانسێک عادل، بەرەو بیمارستانی خومەینی دەبەن و پاش دڵنیا بوون لە مەرگی، بۆ شوێنە ونکە و ئاڵۆزکردنی رووداوەکە،  تەرمی بێ گیانی عادل لە نەخۆشخانەی خومەینییەوە بەرەو نەخۆشخانەی «ئەبوو زەر» و پاشان بۆ ساردخانەی «کۆمپلۆ» لە تەنیشت بەڕێوەبەرایەتیی ئاگاهیی ئەحواز، رادەگوێزن.

بەمجۆرە دوژمنی داگیرکەر، کاربەدەستانی دەوڵەتی فارس، میراتگرانی ڕەزا ماکسیم و ئەمیرئەحمەدی جەلادی لوڕستان، بۆ بەخەیاڵ چاوترسێن کردنی نەوەکانی بی مەریەم و عەلیمەردانخانەکان و پێشگرتن بە ڕابوونی نەتەوەیی لە بەرانبەر سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی ڕەزاخانیی لە لوڕستان، تاوانێکی دژی بەشەریی دیکەیان خوڵقاند.بەڵام هەر وەک ڕەزا ماکسیم و کوڕەکەی و خومەینی سەرەڕای زەبر و زەنگەکانیان، ئاواتی دابڕاندنی یەکجاریی لوڕیان لە کورد و  تواندنەوەیان لە ناسنامەی فارسدا، بردە ژێر گڵ؛ بێگومان میراتگرانیشیان هەر بەو تەرزە سەر دەنێنەوە. ڕەوتی خۆ ناسینەوە و یەکبوونەوەی لوڕ لە گەڵ کورد و ڕابوونی لوڕستانات بەرەو پێش دەڕوات و گەڕانەوەی بۆ نییە.هاوکات هەناسەو هاوار و پەیڤەکانی هەڤاڵی شەهید عادل کیانپوور، مەکۆی خەبات و تێکۆشانی ئەو: پاڕتی ئازادیی کوردستان و لەشکری لێهاتووی ڕادانی داگیرکەران، سپای میللیی کوردستان، ئاوەدانتر و پڕ ڕێبوارتر دەکات.

سڵاو لە گیانی پاکی هەڤاڵی شەهید عادل کیانپوور(هێربۆدلوڕ)

سەرکەوێ بووژانەوەی نەتەوەیی لوڕستانات و خەباتی نەتەوەی گەورەی کورد

لە پێناو سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبووندا

پارتی ئازادیی کوردستانPAK

14ی بەفرانباری2721ک

4ی ژانویەی 2022ز

 

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *