کۆچی دوایی هەڤاڵی پێشمەرگە مام کاوە ئیلامیی

بەداخ و کەسەری زۆرەوە،کۆچی دوایی هەڤاڵی پێشمەرگە: «بەراتعەلی فەرەجی»،ناسراو بە «مام کاوە ئیلامی»؛ باوکی هەڤاڵی فەرماندە سەرحەد ئیلامی ڕادەگەینین.
هەڤاڵی کۆچکردوو «بەراتعەلی فەرەجی»،ساڵی2663ی کوردی(1963زایینی) لە ئاوایی «خزڵ» ی سەربە شاری شێروانی ئیلام، لە دایکببوو. بەر لە هاتنی بۆ ریزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان لەشاری ئیلام نیشتەجێ بوو. ساڵی 2715 لە دووهەمین ساڵی شەڕی داعشدا، بە خاووخێزانەوە روویان لە ریزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان کرد و پاش تێپەڕکردنی خولی پەروەردە،لە هێزی پێشەوا داندرا. لەو کاتەوە هەتا ساڵی 2017،بەشداری بەشێک لە هەڵمەت و بەرگرییەکانی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان بوو لە زنجیرە چیای باتێوە لە رۆژاوای کەرکووک.هەروەها لە ئۆپەراسیۆنی گەورەی ناوەران-باشیک لە ئۆکتۆبر و نوامبری٢٠١٦دا بەشدار بوو.

پاش پیلانگێڕی و گەلەکۆمە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکەی ئۆکتۆبری 2017 لە ریزی هێزی پێشەوا،لە گەڵ هێزکانی دیکەی پارتی ئازادیی کوردستان،لە بەرەی جەنگی پردێ دامەزرا.ماوەیەک پاش هێمن بوونەوەی دۆخی بەرەی پردێ،هەڤاڵ کاوە ئیلامی گوێزرایەوە بۆ کۆمیتەی پێوەندییەکانی پارتی ئازادیی کوردستان ؛بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی نەخۆشییەوە بۆ چارەسەر و پشوو لە دوو مانگ لەمەوبەرەوە نێردرایە ماڵەوە. لەو ماوەیەدا لە هێنان و بردن بۆ نەخۆشخانەو لە ژێرچاودێریی پزیشکییدا بوو. سەرەنجام پێشنیوەڕۆی رۆژی رابردوو لە ناوکۆڕی هاوسەرو منداڵەکانیدا،چاوەکانی بۆ هەمیشە لە سەر یەک دانا. هەردوێنێ تەرمی هەڤاڵ بەراتعەلی بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەکەی و وتەبێژیPAK و ژمارەیەک لە ئەندامانی فەرماندەیی سپای میللیی کوردستان بەخاک سپێردرا.
یەکەمین رۆژی کۆڕی پرسەو سەرەخۆشیی هەڤاڵی کۆچکردوومان کاوە ئیلامیی، ئەمڕۆ لە ماڵی خۆی لە پاکشار بەڕێوە چوو. فەرماندەی گشتیی سپای میللیی کوردستان، ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتیPAK و فەرماندەیی و یەکەکانی تیپەکانی سپای میللیی کوردستان،بەشداریان کرد.
پارتی ئازادیی کوردستان، بەمبۆنەیەوە پرسەوسەرەخۆشیی خۆی بە بنەماڵە و کەسووکار و هەڤاڵانی کۆچکردوو رادەگەیەنێت و خۆی بە خاوەن خەم دەزانێت.

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
کۆمیتەی راگەیاندن
‪‬
28ی سەرماوەزی2721ک‬
19ی دیسامبری2021ز‬

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *