31 ساڵ خەبات لە پێناو دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستاندا بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK

ڕۆڵەکانی نەتەوەی گەورەی کورد!
کوردستانییە نیشتمانپەروەرەکان!

خەبات و تێکۆشانی پارتی ئازادیی کوردستان پێی نایە 31هەمین ساڵی خۆیەوە.PAK لەو خاڵەوە دەستی پێکرد کە کوردستان نیشتمانێکی داگیر و دابەش کراوە؛ کورد خاوەنی راستەقینەیەتی و دەبێ ڕزگار بکرێت و وەسەریەک بکەوێتەوە.
لە بیری سیاسیی پارتی ئازادیی کوردستاندا نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی سەروەریی و سنوورە سیاسییەکانی دەوڵەتی داگیرکەردا لە هیچ فۆرمێکی وەک: مافی شارۆمەندیی، خودموختاری،سۆسیالیزمی دێموکراتیک، فیدڕالیسم و کۆنفیدرالیسمی دێموکراتیک،

بە ئازادیی و بەختەوەریی و ئۆقرە ناگات. هەروەها بەستنەوەی پرسی کورد بەو ستراتیژییانەوە کە ئایدۆلۆژیاکانی مارکسیزم، لیبڕالیزم، ئیسلامی سیاسیی و دێموکراسیی بۆ پرسی نەتەوایەتیی دەیانخەنە ڕوو، بە ڕێکار و ستراتیژی سەرکەوتوو بۆ کورد نابینێت. بەڵکوو لە فەلسەفە و بیری سیاسیی PAKدا هەموو بەها بەرز و پیرۆزەکانی ئازادیی، ئاسایش، دێموکڕاسی، ئاوەدانی، دادپەروەریی، یەکسانی، مافەکانی مرۆڤ، ژینگەپارێزیی، گەشەی زمان و پەرەسەندنی مرۆڤی، کۆمەڵایەتیی، ئابووری و کەلتووریی و دڵنیایی ڕۆحی و دەروونیی نەتەوەو ئەندامانی نەتەوە، لە ناو دەوڵەتی نەتەوەیی خاوەن سەروەرییدا، دەتوانن وەدیی بێن.
بۆیە فەلسەفەی بوون و تێکۆشانی پارتی ئازادیی کوردستان بریتییە لە: خەبات لە پێناو ڕاماڵینی داگیرکەران؛ ڕزگاریی خاک و وەدەستێهنانی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی .PAK حەولدان و هەڵسووڕان، فیداکاریی و گیانبەختکردن لە پێناو ئەم بەها بەرزانەدا، بە ئەرکناسیی، ئەخلاق و فەزیلەت دادەنێت. سڵاو لە ڕۆحی پاکی ڕێبەری شەهید کاک سەعید یەزدانپەناو هەموو شەهیدانی کاروانی 31ی ساڵەی خەباتی PAK.
پارتی ئازادیی کوردستان بۆ وەدیهێنانی دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستان، پشت بە ڕەوایەتی ماف و، هێز و ئیرادەی تاک و کۆی نەتەوەکەمان بۆ ڕێکخستن و بەکارهێنانی هەموو شێوازەکانی خەبات، دەبەستێت.هاوکات لە پێناو ئەو ئامانجە پیرۆزەدا حەولدەدا کەڵک لە دەرفەتە سیاسییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت و لە ناو دەوڵەتان و دامەزراوە جیهانییەکاندا دۆست و پشتیوان بۆ دۆزی کورد وەدۆزێت.هەروەها لە گەڵ نەتەوە بندەستەکانی ئێراندا بۆهەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریی فارس، سیاسەتی دۆستایەتی و هاوپەیمانیی دەگرێتەبەر .
پارتی ئازادیی کوردستان بانگهێشتی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، بە خۆ ساخکردنەوەی ڕوون لە سەر ناسنامەی کوردستانیی و ڕەتکردنەوەی ڕاشکاوی ناسنامەی ئێرانیی و، دەستهەڵگرتن لە خۆبەستنەوە بە ئەجنداکانی گرووپ و تاقمەکانی ئۆپۆزیسیۆنی فارس ؛ لە پێناو ڕێکخستن و سەرکردایەتیی کردنی بزاڤی ڕاماڵینی دەوڵەتی داگیرکەری فارس لە وڵاتەکەمان و گەڕاندنەوەی مافی دیارییکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکەمان لە ڕێگای ڕێفراندۆمێکی ئازاد و گشتییەوە ؛ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی هەنگاو هەڵگرنەوە.
پارتی ئازادیی کوردستان داوا لە هەموو ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو لە ماکۆوە هەتا یاسووج دەکات، وەک پێکهاتەکانی ناسنامە و نەتەوەیەکی یەکگرتوو، بۆ کۆتاییهێنان بە تەوقی سەروەریی دەوڵەتی داگیرکەری فارس لە سەر خاک و نیشتمانەکەمان و گەیشتن بە دەوڵەت و سەربەخۆیی نەتەوەیی، یەکگرن.

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
مەجلیسی گشتیی

30گوڵانی 2722ک
20مای 2022 ز

https://www.pazadik.net/

https://pak-eu.com/

 

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *